کۆمسیۆن: هەرکەس پێشێلکاری کردبێت سزا دەدرێت

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هەرکەسێک هۆکاری دروستبوونی پێشێلکاری بێت سزای یاسایی دەدرێت". 
 
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" نوێنەری حیزبەکان لە سەرجەم ناوەند و بنکەکانی دەنگدان هەن، لەسەر هەر پێشێلکارییەک کرابێت دەتوانن سکاڵایی یاسایی تۆمار بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر هەر پێشێلکارییەک کە سکاڵایی یاسایی تۆمارکرابێت چاودێران راپۆرتی خۆیان بەرزدەکەنەوە. 
 
وتەبێژەکەی کۆمسیۆنی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هەر پێشێلکارییەک رووبدات ئەنجوومەنی کۆمسیاران رێکاری یاسایی خۆیان دەگرێتەبەر.

جومانە غەلای جەختیشیکردەوە، لەسەر ئەو بابەتە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت. 
  
لە کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆوە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و پرۆسەکەش تا کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوامی دەبێت و بەپێی بڕیارێکی کۆمسیۆنی باڵای عێراقیش پرۆسەی دەنگدان ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە. 



PM:03:08:18/10/2024