ڕێژەی بەشداری دەنگدان لە پارێزگای کەرکوک گەیشتە ٥٠%

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت" ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە ٥٠%". 

عەلی عەباس زیاب وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تا کاتژمێر ٣:٣٠ی خولەکی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی تایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکوک گەیشتە ٥٠%".

ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی ٢٥٠ ئەفسەر و ئەندامی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و پێشمەرگە دەنگیانداوە، لە دەرەوەی کەرکوکیش ٤٨٨ دەنگدەر بووە. 

وتیشی" ئەو ئامێرانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەکارهێنراون کارایی بەرزیان لە کارکردندا نیشانداوە و هیچ کێشەیەکی تەکنیکیمان تۆمار نەکردووە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا ناوەندەکانی هەڵبژاردن دادەخرێن و داتاکان لە ڕێگەی ئامێرێکەوە دەنێردرێت بۆ ناوەندی نیشتمانی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە بەستراوەتەوە بە مانگە دەستکردەکانەوە. 

لە کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆوە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و پرۆسەکەش تا کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت. 



PM:04:42:18/10/2024