ئاماری پێشێلکارییەکانی ئەمرۆی دەنگدانی تایبەت ڕاگەیەندرا

وته‌بێژی تۆڕی هاوپه‌یمانی چاودێرانی بێلایه‌ن رایدەگەیەنێت" زۆرترین ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی تا ئێستا تۆماركراون له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك بوون". 

سەلمە فاتیح وتەبێژی هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە پێشێلکارییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا ڕایگەیاند" لە رێگەی ١٥٩ چاودێرەوە لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان لە هەر چوار پارێزگاکە چاودێری پرۆسەی دەنگدانمان کردووە، زۆرترین ئەو پێشێلکاریانەی کە ئەمڕۆ ڕوویانداوە بانگەشەکردنی لایەنە سیاسییەکان بووە کە کەمتر لە ١٠٠ مەتر لە نزیک بنکەکانی دەنگدان بوون". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەکارهێنان و بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان یەکێکی دیکە بوون لەو پێشێلکارییانەی کە ئەمڕۆ لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا ئەنجامدراون، هەروەها کوژاندنەوەی کامێراکانی چاودێری لە هەندێک بنکەی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک هەبوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستدان زۆربەی ئەو پێشێلکاریانەی تۆمارکراون لە هەولێر و دهۆک بوون، بەتایبەتی بنکەی (مەئمون دەباغ) لە دهۆک. 

سەلمە فاتیح ڕاشیگەیاند" لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی بە هەمان شێوە پێشێلکاری کراوە و لە هەڵەبجەش نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی لە بنکەیەکی دەنگدان کراوەتە دەرەوە". 




PM:05:34:18/10/2024