سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، زۆر سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەن کە سەرباری فشار و هەڕەشەکان لەسەریان، ٣٠ هەزار کەسیان دەنگیان بە نەوەی نوێ داوە و دەنگەکانی دەسەڵاتیان بۆ کەمتر لە نیوە کەم کردووەتەوە.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەتدا، نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان دەنگیان داوە بە نەوەی نوێ و ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ نەوەی نوێ.
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆر سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەن کە دەنگیان بە نەوەی نوێ داوە، سەرباری ئەو فشار و هەڕەشانەی کە لەسەریان بووە.
باسی لەوەش کرد، پێشتر دەنگی دەنگدانی تایبەت ٤٠٠ هەزار دەنگ بوو ئێستا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کەمی کردووەتەوە بۆ ٢١٥ هەزار، نزیکەی ٦٠ هەزار کەسیش دەنگەکانیان سووتاندووە، نزیکەی ٢٠ هەزار کەس نەچووە بۆ دەنگدان، بەوپێیەیش دەنگەکانی دەسەڵات کەم بووەتەوە بۆ کەمتر لە نیوە.
ئەوەشی خستە روو،" لە شەش ساڵی رابردوودا ئەوەی لەسەر شانمان بووە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەنجاممان داوە، ئێستاش ئەوەی کە ماوە و لەسەر شانی هاوڵاتیانی هەرێمە رۆژی یەکشەممە ٢٠ـی ١٠ بەشداری دەنگدان بکەن".
شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، " داواکارم لە هاوڵاتیانی هەرێم بە سەرجەم توێژەکانەوە لە رۆژی دەنگدانی گشتی بەشداری دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ بێ دودڵی، چونکە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ لابردنی دەسەڵات".