پەیامی بافڵ تاڵەبانی بۆ هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لەبارەی دەنگدانی تایبەت

دوابەدوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی ئاراستەی هێزە تایبەتەکان کرد و ڕایگەیاند" ئەمڕۆ ئێوەی خوشك و برای خۆشەویستم وەك چۆن هەمیشە پارێزەری ئارامی و سەقامگیری بوون، لەم قۆناغە گرنگەی هەرێمەكەشمان پێشەنگبوون لە بەرەوپێشبردنی رەوتی دیموكراسی و شانازیی بە پەرۆشیتانەوە دەكەین".

بافڵ تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشیدا دەڵێت"لە دڵەوە سوپاسی بێپایانم ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، دەزگای ئاسایشی هەرێم، هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان، هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆی کوردستان و ئۆپراسیۆن  دەکەم بۆ  بەشداریی گەرموگوڕتان لە سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروستتر".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەڤاڵانی خۆشەویستم، لە رۆژانی داهاتوودا ئەرك و بەرپرسیارێتیی گەورەتان لەسەرە و پاراستنی ئارامیی پرۆسەكە لە ئەستۆی ئێوەیە، داواكارم بەهەمان رۆحییەت و پەرۆشیی ئەمڕۆتانەوە ئەو ئەركە گرنگە رابپەڕێنن و دڵنیاشم لەئاست چاوەڕوانییەكانمان دەبن".

باسی لەوەشکردووە "دڵنیاتان دەكەم من هەمیشە برا و هاوڕێی دڵسۆزی ئێوە دەبم و داواكاریی برایانەشم ئەوەیە بەڕێگەیەكی شارستانی گوزارشت لە سەركەوتنەكانتان بكەن و وەك هەمیشە نموونەبن بۆ كوردستانەكەمان".




PM:10:35:18/10/2024