کۆمسیۆنی عێراق ڕاپۆرتێکی نوێی سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت" ڕێژەی ٩٧%ی هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان لە دەنگدانى تایبەت کردووە کە ٤ هەزار و ٧٤٨ کەسیان ژن بوون".
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە نوێترین ڕاپۆرتدا ڕایگەیاند" دوێنێ ٢٠٨ هەزار و ٥٢١ کەس بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا کردووە کە دەکاتە ڕێژەی ٩٧%ی دەنگدەران".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارەیە ٢٠٣ هەزار و ٧٧٣ کەسیان لە رەگەزى نێر بوون، هەروەها ٤ هەزار و ٧٤٨ دەنگدەریان لە ڕەگەزی مێ بوون.
سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی خوێندەوار و نەخوێندەوار، کۆمسیۆنی باڵای عێراق دەڵێت" ١٨٩ هەزار و ٨٥٧ دەنگدەری خوێندەوار و ١٨ هەزار و ٦٦٤ دەنگدەری نەخوێندەوار بەشداری پرۆسەکەیان کردووە".
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە چاودێری هەزار و ٩٢٦ کەس بەڕێوەچووە و ٣ هەزار و ٧٥٠ نوێنەری قەوارە سیاسییەکانیش لە بنکەکانی دەنگدان بوون.
کۆمسیۆنی عێراق ئاشکراشیکردووە، ٢٠٥ هەزار و ٦٢٠ دەنگدەر کێشەى پەنجەمۆریان نەبووە، بەڵام ٢ هەزار و ٩٠١ کەس پەنجەمۆریان دەرنەچووە.