کەشناسێک: کاریگەری بارستەی هەوای سارد زیاتر دەبێت

شارەزایەکی کەشناسی دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و چالاکبوونی بای باکوری رۆژھەڵات دەخاتەڕوو، دەڵێت" سبەینێ و رۆژانی داھاتوو کاریگەری بارستەی ھەوای سارد زیاتر دەبێت و پلەی گەرمی (٣ بۆ ٥) پلەی دیکە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند" لە بەرەبەیانی ئەمرۆوە بارستە ھەوایەکی سارد لە باکورەوە رووی کردۆتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بەراورد بە رۆژی ڕابردوو پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ و رۆژانی داھاتوو کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە زیاتر ەدبێت لەسەر ناوچەکان و پلەی گەرمی (٣ بۆ ٥) پلەی دیکە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە و لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێم بەرزترین پلەی گەرمی بۆ خوار (٢٥) پلەی سەدی نزمدەبێتەوە. 

ئاراس جەبار باس لەوەش دەکات، لەگەڵ بەردەوامی کاریگەری بارستە ھەوای سارد لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە تا بەرەبەیانی رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ناوبەناو بای باکوری رۆژھەڵات بەخێرایی (١٥ - ٣٥)کم لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم چالاک ئەبێت و بەھۆیەوە لەو ناوچانەدا زیاتر ھەست بە سەرما و کەشێکی سارد دەکرێت ، بەگشتی پلەی گەرمیان تا کۆتای ئەم ھەفتە بە نزمی دەمێنێتەوە و ھەفتەی داھاتوو کەمێک بەرزدەبێتەوە. 



PM:12:01:19/10/2024