"لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان کۆتایی بە تۆقاندن بهێنن"

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدانی گشتی کە بڕیارە سبەینێ یەکشەممە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان کۆتایی بە ترس و تۆقاندن بهێنن". 

ئالینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردەوە" پشتگیری لە هەموو هەوڵەکان دەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی هەڵبژاردنەکانی سبەینێی هەرێمی کوردستان ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت". 

هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق داواش لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان دەکات کە" ڕێز لە ڕۆڵی گرنگی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پڕۆسەی دیموکراسیدا بگرن، هەروەها خۆیان لە توندوتیژی یان تۆقاندن بەدوور بگرن". 

بڕیارە سبەی یەکشەممە شەشەمین هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. 

بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی باڵای عێراق، کۆی گشتی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ دەنگدەرە کە ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە لە دەنگدانی تایبەت کە دوێنێ هەینی کۆتایی هات، هەروەها ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ دەنگدەری دیکەش لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ دەدەن.

هەزار و ٩١ کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان، پێنج لەو کورسییانە بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە، دوای ئەوەی ١١ کورسی بوو کە بە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراقدا، ژمارەی کورسییەکانیان کەمکرایەوە. 



PM:12:20:19/10/2024