لە ڕوداوێکی سەختی هاتوچۆدا لە سەر ڕێگەی پێنجوێن- سەیدسادق، ٤ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ٣ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕوداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی پێنجوێن- سەیدسادق ڕوی دا و تێیدا چوار کەس گیانیان لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بریندار بون.
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی پێنجوێن وتی" دۆخی یەکێک لە بریندارەکان سەختە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە".
ڕوداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی مردن و برینداربونی هاوڵاتییان دادەنرێن، شارەزایانی بواری هاتوچۆش هۆکارەکەی بۆ پابەند نەبونی شۆفێران بەڕێنماییەکانی هاتوچۆ و خراپی ڕێگەوبانەکان و خراپی کوالێتی ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕێننەوە.