کۆمیسیۆن: پێویستە لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا ئەنجامەكانی رابگەیەندرێن

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت" ئەوەی پەنجەمۆری نەخوێندرێتەوەو تۆماركرابێت حاڵەتی تێپەڕاندن دەیگرێتەوە و پێشێلكارییەكی ئەوتۆ لە دەنگدانی تایبەتدا نەبووە كە كاریگەریی لەسەر پرۆسەكە هەبێت".

دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند"  هیچ كێشەیەكی تەكنیكیمان نەبووەو پرۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و نازانین ئاستی بەشداری چەندە، لە نیوەڕۆدا راپۆرت وەردەگرین و دەزانین ئاستەكە چەندە."

وتیشێ" دوای ئەوەی كاتژمێر شەش بنكەكانی دەنگدان دادەخرێن، هەموو ئەنجامەكانی بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەنێردرێن بۆ سێرڤەرەكانی ئۆفیسی نیشتمانی لە بەغداد، پێویستە لەماوەی ٢٤  كاتژمێردا ئەنجامەكانی رابگەیەندرێن، هیوادارین بتوانین زووتر ئەنجامەكان رابگەیەنین".

ئاشکراشیکرد ئەوەی پەنجەمۆری نەخوێندرێتەوەو تۆماركرابێت لەكاتی موراجەعەو نوێكردنەوەدا، ئەمە حاڵەتی تێپەڕاندن دەیگرێتەوە.

لە دەنگدانی تایبەتدا كۆنترۆڵی تەواومان هەبووە بەسەر بنكەكانی دەنگداندا، ئەگەر پێشێلكارییەك هەبووبێت پەیوەندی بە لیژنەی ئەمنییەوە هەبووە، نەك كۆمسیۆن.

دادوەر عومەر ئەحمەد راشیگەیاند" پێشێلكارییەكی ئەوتۆ لە دەنگدانی تایبەتدا نەبووە كە كاریگەریی لەسەر پرۆسەكە هەبێت".

کاتژمێر ٧ی ـی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٤  دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێکرد و تاوەکوو کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و خەڵکێکی زۆر لە چاوەڕوانینیدان بۆ ئەوەی دەنگبدەن. 

لەم هەڵبژاردنەدا ١٤ پارت و هاوپەیمانی رکابەری لەسەر ٩٥ کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا.

ڕۆژی هەینی، ١٨ی تەشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریی گەیشتبووە سەدا ٩٧ و ٢٠٨ هەزار و ٥٢١ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، دەنگیان دا.






AM:10:22:20/10/2024