باڵیۆزی ئەمریكا: پێویستە بەبێ توندوتیژی هەڵبژاردن بەرێوەبچێت

ئەلینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن و بەپێویستیشی دەزانێت پرۆسەکە بەبێ توندوتیژی بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، باڵیۆزی ئەمریكا لە  عێراق وتی" هەڵبژاردن رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستانە و پێویستە بەبێ توندوتیژی بەرێوەبچێت".

دەشڵێت" خۆبەخشەكانی نێردەی ئەمریكا لە عیراق لە بنكەكانی دەنگدانن لە هەرێمی كوردستان بۆ چاودێریكردنی چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەکە".

کاتژمێر ٧ی ـی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٤  دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێکرد و تاوەکوو کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و خەڵکێکی زۆر لە چاوەڕوانینیدان بۆ ئەوەی دەنگبدەن. 

لەم هەڵبژاردنەدا ١٤ پارت و هاوپەیمانی رکابەری لەسەر ٩٥ کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا.

ڕۆژی هەینی، ١٨ی تەشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریی گەیشتبووە سەدا ٩٧ و ٢٠٨ هەزار و ٥٢١ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، دەنگیان دا.






PM:01:02:20/10/2024