مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بوو لە تاقیکردنەوەی دیموکراسی، پیرۆزبایی لە هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەم، ئومێدەوەرام پەرلەمانێکی کارامان هەبێت و کابینەی دەیەمی حکومەت بە زووترین کات بخرێتە خزمەتی هەرێمی کوردستان."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان(ماوە بۆ درێژکراوە) ئەمرۆ یەکشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم دوابەدوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سەرکەوتنی پرۆسەی هەلبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بوو لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسیدا، بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەکەم، سوپاسی خۆڕاگری و بەشداریی کارای هاوڵاتییان و بە تایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپاسی کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیە و دەستخۆشییان لێ دەکەم، هەرچەندە بەشدارینەکردنی ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بووە جێگەی نیگەرانیمان، بۆیە پێویستە هەوڵی جددی بدرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و مافی دەنگدانی هەر هاووڵاتییەک بە تەواوەتی مسۆگەر بکرێت."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سوپاسێکی تایبەت بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ئەو کەشە هێمنەی بۆ هەڵبژاردنیان ڕەخساند، سوپاس بۆ چاودێرە نێودەوڵەتیەکان کە گەواهیدەری ئەم سەرکەوتنە بوون."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پەنا بە خوا و بە پاڵپشتی هاوڵاتییانی دڵسۆزمان، ئومێد دەخوازم بە هەبوونی پەرلەمانێکی کارا و بە بەشداریی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران، بتواندرێت هەرچی زووتر، کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بخرێتە خزمەتی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و پێشکەوتنی زیاتری هەرێمی کوردستان."