"داوای گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ دەکەین"

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق داوا لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات پشتیوانی لە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکەن. 

ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا ڕایگەیاند" وڵاتەکەی پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات بەبۆنەی تەواوکردنی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان". 

دەشڵێت" کارمەندانی نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق لە ڕۆژانی ١٨ و ٢٠ی ئۆکتۆبەر چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد لە ناوەندە جیاوازەکانی دەنگدان لە ناوچەکەدا، ستایشی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە دیموکراسی". 

باڵیۆزی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دانی بەوەدانا کە لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە لە پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی پەنجەمۆردا، داواش لە کۆمسیۆن دەکەین بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا چارەسەری ئەم پرسە بکات". 

هەروەها ئالینا ڕۆمانۆسكی داوای لە لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە" پشتگیری لە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و پێکهێنانی حکومەت بکەن، داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە ڕێز لە ڕۆڵی ژیانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەی دیموکراسیدا بگرن".

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ڕاشیگەیاندووە" پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات کە دامەزراوە دیموکراسیەکانی بەهێزتر بکات و مافەکانی مرۆڤ بەرەوپێش ببات و پاڵپشتی گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی کارەکانی هەرێم بکات، وەک بەشێک لە عێراقێکی سەلامەت و سەقامگیر و سەروەری". 



PM:09:21:21/10/2024