دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن سەڵاحەدین بەهادین پەیامێکی بڵاوکردەوە

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەهیوای هەرێمێکی ئارام و هەڵمەتێکی پێکەوەی بۆ گێڕانەوەی متمانە و شکۆی پەرلەمان". 

سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەمشەو دووشەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" 
ئێستا کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئاشکرا کرد". 

دەشڵێت" لێرەدا وێڕای سوپاس و پێزانیمان کە بە سەلامەتی و ئارامی و تاڕادەیەکی زۆر لە پاکی بەڕێوەچوو، پیرۆزبایی لە لیستە براوەکان و کاندیدە سەرکەوتووەکان دەکەم، بەهیوای هەرێمێکی ئارام و هەڵمەتێکی پێکەوەیی بۆ گێڕانەوەی متمانەو شکۆی پەرلەمان". 

کاتژمێر (٧:٠٠)ی سەرلەبەیانی دوێنێ یەکشەممە پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی دەنگدانی تایبەت بوو کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەنجامدرا و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی لە خۆگرتبوو.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هەزار و ٩١ کاندید لە هەردوو ڕەگەز کێبڕکێیان بۆ بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان کرد، لە نێویاندا پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخانکرا بوو. 

هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدای پایتەخت لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرای هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند کە تەنها ٩٩.٦٣٪ی دەنگی بنکەکانی دەنگدان جیاکراونەتەوە، جگە لە ٢٦ وێستگەی دەنگدان کە وردبینییان بۆ دەکرێت، هاوکات رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تدا ٧٢% بووە. 

بەپێی ئامارەکەی کۆمسیۆنی باڵای عێراق لە هەر چوار بازنەکەی هەرێم پارتی ٣٩ کورسی، نەوەی نوێ ١٥، یەکێتی ٢٣، یەکگرتوو ٧، بەرەی گەل ١، ڕەوتی هەڵوێست ٤، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١ کورسیان بەدەستهێناوە.



PM:11:23:21/10/2024