کۆمەڵی دادگەری: هەندێک زانیاریمان پێگەیشتووە کە پرسیار لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن دروستدەکات

کۆمەڵی دادگەریی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەندێك زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە، کە لای ئێمە پرسیار لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات و سەرقاڵی ‏لێكۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەكەوە ‏ڕادەگەیەنین".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بسم الله الرحمن الرحیم
جەماوەری كوردستان..‏
دەنگدەرانی كۆمەڵی دادگەری..‏
ئەندام و لایەنگران..‏

پاش کۆتایهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی كوردستان، ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی كۆمەڵی دادگەری لە ‏ئاست چاوەڕوانیی ئێمە و هەڵوێست و هەوڵەكانماندا نەبووە.‏

ئێمە سوپاسی تەواوی دەنگدەرانمان دەكەین كە متمانەیان بە كۆمەڵی دادگەری دا و پشتیوانییان لێ كرد. ‏سوپاسی هەموو لیژنە و بازنە و تیم و میدیا و چاودێران و تەواوی ئەندامانمان دەكەین، سوپاسی تەواوی ‏كاندیدەكانمان دەكەین كە ماندووبوون و هەوڵی زۆریان دا. بەڵام وەك دیارە دەنگەكانی كۆمەڵی دادگەریی ‏كورستان كەمی كردووە.‏
سەرباری ئەوەی هەندێك زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە، کە لای ئێمە پرسیار لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات و سەرقاڵی ‏لێكۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەكەوە ‏ڕادەگەیەنین.

ئەم دۆخە پێویست بە هەڵسەنگاندنی ورد و بەدواداچوونی جددی دەكات، پشتیوان ‏بە خوا بە پلان و ستراتیژ و بڕیاری پێویستەوە، لە ئایندەدا هیوا و ئومێد بۆ ئەندامان و دۆستان و دەنگدەرانمان ‏دەگێڕینەوە.‏

گومانی تێدا نییە خەبات و پڕۆژەی كاری ئیسلامی هەڵكشان و داكشانی تێدایە و ئایندە پێویستی بە ورەی بەرز ‏و چەسپاوی و بەردەوامی هەیە، هەر بۆیە داواتان لێ دەكەین پشوودرێژ و خۆڕاگر بن، پشتیوان بەخوا ‏كاروانی كۆمەڵی دادگەری باشتر و درەوشاوەتر دەبێت.‏

والسلام علیكم ورحمە الله

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
‏21/10/2024 زایینی، 18 / ربیع الاخر/ 1446 كۆچی




PM:04:45:22/10/2024