حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە بە ڕاگرتنی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینیی سەربازی لەگەڵ عێراق و هۆکارەکەشی بۆ جیاوازی یاسای خانەنشینی دەگەڕێنیتەوە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند" بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەسەر پێشنیازی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی سەربازی لەگەڵ عێراق ڕاگیراوە، تا ئەو کاتەی لیستێکی پاک و راستەقینە ئامادە دەکرێت".
باسی لەوەش کرد، هۆکاری ڕاگرتنەکە بۆ هەبونی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان یاسای خانەنشینی و هەرێم و عێراق دەگەڕێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی بونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ناشایستە و خانەنشینکردنی کادرانی پارتە دەسەڵاتدارەکان بە نایاسایی، لیستی موچەی خانەنشینی کێشەی زۆری تێدایە .