بە هۆی ناکۆکییەکانی ئێران و ئیسرائیل نرخی تمەنی ئێرانی بەردەوام لە دابەزین دایە و ئەمڕۆ بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی لە شەش مانگی رابردوو دابەزی و نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە شەش ملیۆن و ٦٢٥ هەزار تمەن.
بە گوێرەی بازارەکانی دراو ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەم نرخی تمەنی ئێرانی بۆ جارێکی دیکە دابەزینی تۆمار کردکە بە جۆرێک گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو هەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی گەیشتە شەش ملیۆن و ٦٢٥ هەزار تمەن.
مامەڵەکارانی تمەن دەڵێن، هۆکاری دابەزینی نرخی تمەن پەیوەندی هەیە بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، لەبەرئەوەی ئیسرائیل پێشتر بەڵێنی دابوو وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر وڵاتەکەی دەکاتەوە، هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا بنیامین نەتانیاهۆ جەختیکردەوە کە هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و لەچەند رۆژی داهاتوودا هێرشدەکەنەسەر ئێران.
مامەڵەکارانی تمەن پێشبینی دەکەن، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران نرخی ١٠٠ دۆلار بگاتە سەرووی حەوت ملیۆن تمەن.