سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئامۆژگاری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەدات هەر ناکۆکییەکی هەڵبژاردن لە ڕێگەی دامەزراوە یاساییەکانەوە چارەسەر بکەن، هەروەها دەشڵێت، "بەزوترین كات حكومەتێكی گشتگیر دروست بكەن".
فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمشەو سێشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەم لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان و گەلەکەی دەکات بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەم دا، کە بەشێوەیەکی ئارام و هێمنانە بەڕێوەچو، بەڕێزیان دەستخۆشی لە هەوڵەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکات لە ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی ئەو هەڵبژاردنانەدا کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی) پاڵپشتی کرابو".
ئاماژەی بەوەشكرد، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان هانی هەمو سەرکردە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەدات بۆ بەردەوامبون لە پاراستنی کەشێکی ئارام.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات کە هەر ناکۆکییەکی هەڵبژاردن لە ڕێگەی دامەزراوە یاساییەکانەوە چارەسەر بکەن و پڕۆسەی هەڵبژاردن بە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە زوترین کات، تەواوبکەن.