پێنج بەندکراوی سیاسی ژن سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا

پێنج بەندکراوی سیاسی ژن لە بەندیخانەی ئێڤین، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەندکراوانی ژنی ئەو بەندیخانەیە سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، سزای ٢٧ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەریەک لە پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، نێرگز محەمەدی، مەحبووبە ڕەزایی و پەریوەش موسلیمی کە پێنج بەندکراوی سیاسین لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی دەزگای دادوەری قودسی تاران لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی "تێکهەڵچوون لەگەڵ گاردی بەندیخانە و سەرپێچیکردن" سزای ٢٧ مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەو سزایە پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە، وریشە مورادی بەندکراوی سیاسی، نێرگز محەمەدی و مەحبووبە ڕەزایی هەر یەک سزای شەش مانگ بەندکردن، و پەریوەش موسلیمی سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکردن و سەرجەم سزای ٢٧ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.



AM:09:14:23/10/2024