بڕیارێكی دیكە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دەردەچێت

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم لیژنەیەکی باڵا بۆ پێداچونەوە و وردبینی کردنی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ پێکدەهێنێت.

لە فەرمانێکی وزاریدا بە ژمارە (٢٥٥٧) لە ڕێکەوتی ٢٣ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٤)، د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بریاریداوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا و تایبەت بەمەبەستی پێداچونەوە و وردبینی کردنی ناو و سەرەتاکانی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

د. ئارام ڕایدەگەیەنێت؛ ئامانج لە پێکهێنانی ئەم لیژنە باڵایە وردبینی و پێداچونەوەیە بە ناوی سەرجەم ئەو وانەبێژانەی، کە بە گشتاندنمان بە ژمارە (١٧٣٣٨) لە ڕێکەوتی (٤/ ٩/ ٢٠٢٤) لە زانکۆکانی کوردستان داواکراوە و بە نووسراوی زانکۆکان ئاراستەی وەزارەتەکەمان کراوە و ڕەزامەندی دارایی بۆ بەگرێبەست بوونیان دەرچووە، هەروەها دڵنیابونەوەی سەرجەم وانەبێژانی ئازیزی هەرێمی کوردستانیشە لە راستی و دروستی ناوەکانیان و کارکردنمان لەسەر هەمان سێکوچکە و پرەنسیپەکانی (شەفافیەت و دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان) لە تەواوی پرۆسەکەدا، کە هەر ئەمەش نەفەسی کارکردنمان بووە لە ڕابردوو و ئیستا و داهاتوشدا.

جەختیشی كردۆتەوە، بە بێ جیاوازی و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا سەرجەم وانەبێژانی سوودمەند بگەن بە مافی ئاسایی و یاسایی خۆیان، کە ئەویش دەرچونی فەرمانی بە گرێبەست بونیانە.

فەرمانە وزارییەکە لەلایەن د. توانا نجف محمدخان، بەڕێوەبەری گشتی کارگێری و دارایی لە دیوانی وەزارەت سەرۆکایەتی دەکرێت بە ئەندامییەتی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی تایبەتمەندی وەزارەت، بۆیە بەمەبەستی جێبەجێ کردنی ناوەرۆکی فەرمانەکە ئەمڕۆ  لیژنەکە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی دەستپێکرد.




PM:08:14:23/10/2024