قەرەیلان لەبارەی گفتۆگۆکردن لەگەڵ تورکیا رای پەکەکەی راگەیاند

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لەبارەی گفتۆگۆکردن لەگەڵ تورکیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵیت" ڕێگە نادەین بە سیاسەتی فریودان کە بە تاکتیکی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت. بێگومان هەلومەرجەکان گۆڕاون و ڕابردوو دووبارە نابێتەوە".

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان ڕایگەیاند" دەوڵەتی تورک بۆ ئەم هاوینە دەیگوت "ئەم هاوینە بازنەکە تەواو دەکەین"، تیشکی خستەسەر کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم و وتی" لە نزیکترین کاتدا ئێمە قوفڵەکە دادەخەین" و دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت لەمەدا سەربکەوێت. قەرەیلان جەختی کردەوە، شەڕ بەردەوامە، نە گەمارۆیەک ڕوویداوە، نە قوفڵ داخراوە.

قەرەیلان دەربارەی گفتوگۆکانی ئەنقەرە وتی"وەک تەڤگەر ئێمە دژی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک نین. بەڵام ڕێگە نادەین بە سیاسەتی فریودان کە بە تاکتیکی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت. بێگومان هەلومەرجەکان گۆڕاون و ڕابردوو دووبارە نابێتەوە.

بێگومان ئەگەر ڕەوشێکی باش بێتەکایەوە کە بەرژەوەندی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی ڕاستەقینە بگرێتەخۆ و لەسەر ئەم بناغەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل. ئەگەر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا نەبن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت.

بێگومان وەک ڕێبەر ئاپۆش دەستنیشانی کرد، پەکەکە و سیاسەتی یاسایی_دیموکراتیکی کورد خاوەنی ڕۆڵی گرنگن لە چارەسەردا. ئەوەی ڕژێم دەیکات تاکتیکی سوکە، تاوەکو لایەنێک دژی ئەویتر بدات بە شەڕدا. پێویستە ئەمە نەکەن. ڕۆڵی هەر پێکهاتەیەکی کورد لەبەرچاو بگیرێت.(قەرەیلان دەڵێت).

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان قۆناغ بە قۆناغ باسی کرد" لایەنی تورک کە دەیگوت لە تشرینی دووەمدا "قوفڵەکە دادەخەین" و ئێستە چۆن لەنێو تەڵەیەکدا گیری خواردووە، چۆن دەستی کردووە بە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لەم تەڵەیە، ئەوەی بیرهێنایەوە ڕژێمی شەڕی تورک پلانی دانابوو لە ساڵی ٢٠٢١ هەموو بنکەکان، لە گارەوە تا قەندیل و هەموو جێگەیەک لە ڕێگەی تەکنیکەوە لەماوەی مانگێکدا لەناوببات. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، بەرخۆدانی کورد بەردەوامە، لە باکوور نەیتوانی کۆتایی بە پەکەکە بهێنێت یان پەرشوبڵاوی بکات، نەیتوانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لەناوببات، نەیتوانی هەرێمەکانی وەک شەنگال و کەمپی مەخمور چۆڵ بکات، نەیتوانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە تەواوەتی تەسفیە بکات و درێژە بە داگیرکاری بدات".

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان دەشڵێت" دەوڵەتی تورک ئیتر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبووڵ کردووە؛ هەروەها ڕۆڵی داوە بە سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی، گوتی، ناتوانرێت پاشەکشە لەمە بکرێت و ناکرێت ببێتە بابەتی گفتوگۆ. قەرەیلان ڕایگەیاند بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی زیهنیەتی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییە و لای گەلی کورد هەرگیز قبووڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبووڵ کردووە و لێدوانەکەش بەو هۆیەوە دراوە، ڕاستییەکە ئەمەیە، ئەگەر نزیکایەتییەکە بەگوێرەی ئەم ڕاستییە بێت، وەڵامی خۆی لای کورد دەبینێتەوە".



PM:11:57:23/10/2024