هێزەكانی سوریای دیموكرات گیان لەدەستدانی ١٢ هاوڵاتی مەدەنی، بەهۆی بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیاوە لە رۆژئاوای كوردستان راگەیاند.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" لە چەند کاتژمێری رابردوودا سوپای توركیا زنجیرەیەک هێرشی بۆسەر ژێرخانی سەرەكی دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان و شوێنە مەدەنییەكان و ناوەندەكانی هێزی ئاسایش ئەنجامداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی هێرشەکەوە ١٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە كە دووانیان منداڵن، هەروەها ٢٥ی كەسی دیکەش برینداربوون كە برینی بەشێکیان سەختە.
هەسەدە راشیگەیاندووە" لە ئەنجامی فڕۆکە و تۆپهاوێژەکانی تورکیاوە، وێستگەی كارەبا و بەربەستەكانی هێزی ئاسایشی ناوخۆ كە بەرپرسن لە پاراستنی ناوچەكە کراونەتە ئامانج".
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا هێرشێکی چەکداری کرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازی ئاسمانی و فڕۆکەوانی تورکیا کە بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و ٢٢ کەسی دیکەش برینداربوون.