شاسوار عەبدولواحید: یەکێتی لە سلێمانی بۆ هەڵبژاردن ١٢٨ ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە


شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند کە پارتی و یەکێتی دۆڕاوی هەڵبژاردنن و، پارەیەکی زۆریان لە هەڵبژاردندا خەرجکردووە، تەنها لە پارێزگای سلێمانی " ١٢٨ ملیۆن دۆلار یان خەرجکردووە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە کرد، ١١٢ سکاڵایان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە و دوو سکاڵای دیکەشیان بە جیا لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکان دەکەن.

ئاماژەەی بەوەش کرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە ئاستی چاوەڕوانی نەوەی نەوەی نوێدا نەبووە، بەڵام ئەوان هێزێک نین دوای هەڵبژاردن بێنە سەر شاشەکان و بگرین و بەڵکو پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەرانی دەکات.

باسی لەوەش کرد، ئەمجارە بە بەشداری دەنگدەران کورسی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمان لە ٨٠ کورسییەوە بۆ ٦٠ کورسی دابەزیوە. وتیشی، نزیکەی دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس یان نەچوون بۆ دەنگدان یان هەر کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە سەرەڕای ئەوەش، دەنگەکانی دەسەڵات کەمی کردووە و دەنگی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات زیادی کردووە.

شاسوار عەبدولواحید، راشیگەیاند،" هێزەکانی هاوپەیمانی دەسەڵات کار لەسەر ساردکردنەوە و بێهیواکردنی خەڵک دەکەن و هەرچەندە چەند کورسییەکیان پێدراوە کاردەکەن بۆ ئەوەی خەڵک لە دەنگدان ساردبکەنەوە".

ئەو پێوایە، دەسەڵات و هێزە هاوپەیمانەکانی کاردەکەن بۆ بێهیواکردنی خەڵک لە دەنگدان و کار لەسەر ئەوە دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی داهاتوو دەنگدەران بەشداری نەکەن و سوود لە کەمی دەنگدەران وەربگرن.

ئەوەشی خستە روو، بەهای دەنگدەران ئەوەیە کە هێزێکی نوێیان دوست کردووە کە رووبەڕووی دەسەڵات بووەتەوە بەجۆرێک ئەگەر نەوەی نوێ نەبوایە، یەکێتی لە سلێمانی ٣٠ کورسی دەبرد و پارتیش ژمارەی کورسییەکانی زیاتر دەبێت.

شاسوار عەبدولواحید وتی "ئەوان لە بری هاتنە سەر شاشە و گریان پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەرانیان دەکەن نەک وەک حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان بێن لە بری ئەوەی دژایەتی پارتی و یەکێتی بکەن دژایەتی حزبێکی دیکە بکەن، بە ٤٠ حزب و ٧٨ کاندیدی سەربەخۆ کە دژایەتی نەوەی نوێیان دەکرد نیوەی نەوەی نوێ دەنگیان نەهێناوە."





PM:07:40:24/10/2024