بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرما و بەفربارینە کە رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، لە هەندێک لە شارو پارێزگاکان ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە و لە شاری شنۆ ٣٥ بۆ ٤٠ سانتیمەتر بەفر باریوە و بەهۆیەوە ٤ شاخەوان لە ساخەکانی کێلەشین لە بەفر و کڕێوەدا بێسەروشوێنن.
فەخرەدین مام عەلی بەڕێوەبەری مانگی سووری شنۆ لە پارێزگای ورمێ بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاند" بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی چوار شاخەوان لە ناوچە شاخاوییەکانی کێلەشین لە بەفر و کڕێوەدا بێسەروشوێن بوون".
وتیشی" تیمەکانی فریاگوزاری و مانگی سووری شنۆ و چەند تیمێکی ئۆفڕۆد رەوانەی شوێنەکە کراون و تا ئێستاش هیچ سەرەداوێکیان لەسەر ئەو چوار شاخەوانە دەست نەکەوتووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرما و بەفربارینە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بەبێ زنجیر ئەستەم بووە و تیمەکان سەرقاڵی خۆحازرکردن و ئامادەکاریین.
لە دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگاکانی سنە و ورمێی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە نێوان شارەکان دروستبووە، لە ناوچە شاخاوییەکانی شاری شنۆش ٣٥ بۆ ٤٠ سانتیمەتر بەفر باریوە.