ئەو کەسانەی لە ناوچەی کوێستانی کێلەشینی شنۆ لە نێو بەفردا مابوونەوە، بە زیندووی رزگارکران.
حەمید مەحبوری بەڕێوەبەری مانگی سووری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند" ئەو هاوڵاتییانەی لە شەوی ڕابردووەوە، بەهۆی نەبوونی کەلوپەل و پێداویستی گونجاو لە شاخ و لەنێو بەفردا بێسەروشوێن بوون، لەلایەن تیمەکانی مانگی سووری شنۆوە ڕزگارکران".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانە لەناو دۆڵێکی کوێستانی کێلەشیندا گیریانخواردبوو کە بەهۆی سەرماوە تووشی سڕبوون بوون و لە ئێستاشدا گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
ماوەی دوو ڕۆژە شەپۆلێکی چڕی بەفربارین پارێزگاکانی سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە نێوان شارەکان دروستبووە، لە ناوچە شاخاوییەکانی شاری شنۆش ٣٥ بۆ ٤٠ سانتیمەتر بەفر باریووە.