وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا لە نێوان ١٧ بۆ ٢٠ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتییان و تا کۆتایی ئەمساڵیش یەکەیەکی تری وێستگەی خورمەڵە دەکەوێتە کار.
ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند" لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی کەشوهەوا نە زۆر سارد و نە زۆر گەرمە دۆخی کارەبای نیشتمانی تا رادەیەک باشە و پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاوڵاتییان لە نێوان ١٧ بۆ ٢٠ کاتژمێرە".
وتیشتی"خواستی هاوڵاتییان بۆ کارەبا سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، بەرهەمیش سێ هەزار مێگاواتە، بۆیە خواست زۆر نییە لە چاو بەرهەمدا".
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە کۆتایی ئەمساڵ تا مانگ شوباستی داهاتوو، یەکەیەک لە وێستگەی خورمەڵەی غازی دەکەوێتەکار، کە خۆی لە ٥٠٠ مێگاوات کارەبا دەبینێتەوە، بە کەوتنەکاری ئەو ٥٠٠ مێگاواتە دۆخی کارەبای باشتر دەبێت.