ئەمیری کۆمەڵی دادگەری بەشدارینەکردنی حزبەکەی لە پەرلەمان ڕاگەیاند وتیشی، بۆ بەرگریکردن لە دەنگ و خەڵکی خۆمان و بۆ هۆشداریدان بە دەسەڵاتداران بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیەنێن کە ناچینە نێو پەرلەمانێکەوە دەستی ساختە و تەزویری زۆری تێدابێت.
عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەری ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"دوای دڵنیابونمان بە ڕێژەی ٪١٠٠ کە ساختەکاری زۆر لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان کراوە و پێدەچێت لە دەرەوەی عێراق ئەو کارە کرابێت بۆیە ئەنجامەکە ڕەتدەکەینەوە".
وتیشی"بۆ بەرگریکردن لە دەنگ و خەڵکی خۆمان و بۆ هۆشداریدان بە دەسەڵاتداران بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیەنێن کە ناچینە نێو پەرلەمانێکەوە دەستی ساختە و تەزویری زۆری تێدابێت".
وتیشی، حکومڕانانی هەرێم با چاک بزانن بە تەزویر و ساختەکاری براوەنین بەڵکو دۆڕاوی ڕاستین، ئەوەش خەڵک یاتر نائومێد و بی هیوا دەکات، و ئۆباڵەکەشی خۆیان دەیکێشن و لە ئەستۆی ئەوانە.
عەلی باپیر جەختیشیکردەوە"ئەمە مانای ئەوە نییە کە لە پرۆسەی کاری سیاسیدا نابین، چونکە تەنها پەرلەمان و حکموت بوار نییە بۆ کارەکانمان، بەڵکو لەدەرەوە کارەکانمان دەکەین و بە شایستەی خۆمانی نازانین کە بەشداری لەو حکومەتەدا بکەین".
ڕوونیشیکردەوە"ئێمە دەنگمان زۆر لەوە زیاترە کە ڕاگەیەندراوە و ناچینە پەرلەمان ، و چاوەڕوانین لەسەرجەم ئەو لایەنانەی کە وەک ئێمە ناڕازین و سەرنجیان هەیە هەمان هەڵوێستی ئێمە بگرنەبەر و پرسیار و نیشانە بخەینە سەر ئەم پرۆسەیە، و دواتر کۆمسیۆن و چاودێران بریار بدەن ، هیوادارم بەدەستی خۆمان زیاتر وڵاتمان بنکۆڵ نەکەین".