لاهور جەنگی و عەلی باپیر: داکۆکی لە ئیرادەی دەنگدەر دەکەین

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل سەردانی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد و کۆبوونەوە و دواتر لاهور شێخ جەنگی لە ڕاگەینراوێدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوی لاهور شێخ جەنگی:

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی سەردانی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری-م کرد، پێکەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئۆکتۆبەرمان تاوتوێکرد، گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان کرد سەبارەت بەو ساختەکاری و کێشانەی لە هەموو هەڵبژاردنێکدا حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەرامبەر پرۆسەی دیموکراسی و ناوبانگی هەرێمی کوردستان نا بەرپرسیارانە ئەنجامی دەدەن.

پێکەوە هەڵوەستەمان کرد لەسەر ئەو بنەما جێگیرەی کە شەرعیەتی راستەقینەی هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە ڕادەی پابەندبونیان بە پاراستنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی خەڵک و پارێزگاریکردن لە ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانییەکەی نەک هەڵبژاردنێک کە رەنگدانەوەی حەقیقەتی دەنگ و ڕەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت. 

لەگەڵ جەنابی مامۆستا عەلی باپیر هاوڕابوین لەسەر پارێزگاریکردن لە چاکەی گشتی و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و دەنگ و ئیرادەی راستەقینەی هاوڵاتیان لە هەموو ئاستەکاندا و جەختمان لەسەر ئەو راستییە کردەوە کە ئامانجی لە پێشینەمان پارێزگاریکردنە لە ئیرادەی ئازادانەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان.




PM:11:43:26/10/2024