دەوڵەت باخچەلی: هەر تورکێک کوردی خۆش نەوێت تورک نییە

سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەڵێت"هەڕەشەیەک لەسەر مێژووی هاوبەشی هەزاران ساڵەی کورد و تورک هەیە".

دەولەت باخچەلی - سەرۆکی مەهەپە لە میانی بەشداریکردنی لە سەدساڵەی یادی "سیمپۆزمی زیا گیۆکاڵپ"  ڕایگەیاند"  ئێستا هەڕەشەیەکی هاوبەش  لەسەر مێژووی هاوبەشی هەزاران ساڵەی نێوان کورد و تورک  هەیە".

جەختیشیکردەوە" لە ڕوی ئایینی و سیاسییشەوە لەسەر تورک و کورد فەرزە یەکتریان خۆش بوێت، هەر تورکێک کوردی خۆش نەوێت تورک نییە، هەر کوردێکیش تورکی خۆش نەوێت کورد نییە، ئەمڕۆ تورک و کورد لە بەرامبەر هەڕەشە هاوبەشەکانی بەردەمیاندان و تەنها بە پێداگیرییەکی هاوبەش، دەتوانن لەو هەڕەشانە ڕزگاریان بێت".

سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا مەیلی دابەشکاری وەک ئەوەی لە ڕێککەوتننامەی سیڤەردا هاتووە کۆتایی پێ نەهاتووە و راشیگەیاند "شەڕی دابەشکاری و فراوانخوازی ئیمپڕیالیزیم بەردەوامە".

باخچەلی هەروەها ئاماژەی بە هێرشی سەر کۆمپانیای هاوبەشی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و بۆشایی ئاسمانی تورکیا (توساش) کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد هێرشەکە دەریخست کە پەکەکە و یەپەگە "دوژمنی تورک و کوردن."





AM:10:07:27/10/2024