تورکیا لە ماوەی ٤ رۆژدا ١٠٠ هێرشی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان

بە هۆی بۆردومانکەنای تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان،لە ماوەی ٤ رۆژی رابردوودا دەیان دامەزراوەی خزمەتگوزاری لە کارکەوتن و ١٧ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٥٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە " لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە فرۆكەكانی توركیا (١٠٠) گورزی ئاسمانیان بۆ سەر (٣٧) دامەزراوەی خزمەتگوزاری ، لەناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، كە (٨٤)یان بە فرۆكەی بێفرۆكەوان بووە، لەگەڵ (١٨) هێرشی تر كە فرۆكە جەنگییەكانی توركیا ئەنجامیانداوە، وێڕای ئەو بۆردومانە زەمینیەی كەچەندین ناوچەی گرتووەتەوە ".

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەشڵێت" هێرشەكانی توركیا ژێرخانی ئابوری، وێستگەكانی ئاو و غازو كارەباو فڕەنەكان و سایلۆكانی دانەوێڵەو نەخۆشخانەكانی كردووەتە ئامانج و بۆردومانەكەش زۆرینەی ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری گرتووەتەوە".

بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ  بەهۆی هێرشەكانی ئەم دواییە سوپای توركیاوە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان(١٧) هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و (٥٩ )كەسی دیكەش برینداربوون، وێڕای كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.

سەرباری زیانە گیانییەکان، بۆردومانەکانی تورکیا زیانێکی زۆریشیان بە ژێرخانی ناوچەکانی خۆبەڕێوەبریی گەیاندووە و بە پێی ئامارەکان ٣٠ دامەزراوە پەکیان کەوتووە لە وێستگەی نەوت و غاز و کارەبا پێکهاتوون.




AM:10:39:27/10/2024