ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: سەرجەم سیستەمە بەرگرییە موشەکییەکانی ئێس-300ی ئێڕان لەناوچون

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا زیانێکی گەورەی بە سیستمی بەرگری ئاسمانی و پیشەسازی بەرهەمهێنانی موشەکی بالستیکی ئێران گەیاندوە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، سەرجەم سیستەمە بەرگرییە موشەکییەکانی ئێس-٣٠٠ی ئێران بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لەناوچون.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، پێش ئەو هێرشە ئێران چوار سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس-٣٠٠ی هەبو کە پێشکەوتوترینیان بۆ بەرگری لە ئاسمانی تارانی پایتەخت بەکاردەهێنا.

ڕۆژنامەکە ئاشکراشی دەکات ئیسرائیل هێرشەکەی لە ڕێگەی ١٠٠ فڕۆکەوە ئەنجامداوە و ٢٣ شوێنی لە ئێران کردوەتە ئامانج.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمریکییش بڵاویکردەوە، دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە موشەکی بالیستیکی ئێرانی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کراونەتە ئامانج و زیانێکی زۆر بە توانای بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە موشەکانە کەوتوە کە ڕەنگە ساڵانێک بخایەنێت تا چاکبکرێنەوە.



PM:12:49:27/10/2024