بارزانی و ئەعرەجی لەسەر گرنگی پتەوکردنی هاوکاری هاوبەشی هەولێر و بەغداد کۆکن

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبووەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دوایین نوێکاری و پێشهاتەکان سەبارەت بە دۆخی گشتی عێراق تاوتوێ کراوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە دیدارەکەدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیەکان، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی بپارێزێت.

بەیانی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گەیشتە شاری هەولێر و لە کاتی گەیشتنی لەلایەن ڕێبەر ئەحمەدەوە پێشوازی لێکرا. 



PM:01:47:27/10/2024