هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ئارمیتا گەڕاوەند، گوشارەکانیان لەسەر بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە زیاتر کردووە و ڕێگری لە ساڵیادی کوژرانی دەکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە" ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی ئارمیتایان لە ژێر گوشار داناوە و بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە نووسراوەیەکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە پەیوەندیدارەکان بە ئارمیتاوە لێ قەدەغە کردوون، تەنانەت ڕێگری بڵاوکردنەوەی ستۆری لە گوڵێک کە بۆ سەر گڵکۆی ناوبراو ئامادە کرابوو بە بنەماڵەکەی نەدرابوو و ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگرییان لەوەش کردووە".
ڕێکخراوی هەنگاو دەشڵێت" چەند ڕۆژێک پێش ئێستا خانەوادەی بنەماڵەیی ئارمیتا لە تاران لە ژێر چاودێری چڕی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و هەموو جۆرە هاتووچۆیەک بۆ ماڵیان کونتڕۆڵ کراوە، ئەو ناوەندانە بە بنەماڵەی ئارمیتایان ڕاگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئارمیتا نابێت لە ماڵ یان لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوەبچێت".
ئەوەشی خستەڕوو، لە بەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەرەوە هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری گڵکۆی ئارمیتا جێگیر بوون تا لە هەر کۆبوونەوەیەک لە ساڵیادی کوژرانی ناوبراو ڕێگری بکەن.
ئارمیتا گەڕاوەند کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشان بوو ساڵی ڕابردوو بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێ لە میترۆی تاران، چووە حاڵەتی کۆما و بۆ نەخۆشخانەی فەجری هێزی ئاسمانی تاران گواسترایەوە، دوای ٢٨ رۆژ مانەوەی لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا گیانی لەدەستدا.