فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەندی بە تەقینەوەکەی ئەنقەرەوە نییە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "دوای ئەوەی ئەو چالاکییە کرا و راگەیاندنی دەوڵەتی تورکمان بیست، لەنێو خۆماندا دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی هیچ یەک لەو چالاکوانانە لە خاکی سووریاوە نەچوونەتە تورکیا."
لە درێژەی لێدوانەکەیدا عەبدی پێیوایە، "ئامانجی سەرەکیی" تورکیا لەو هێرشانە، "لاوازکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و لەنێوبردنی" قەوارەکە و "دەربەدەرکردنی خەڵکەکەمانە.
دەشڵێت" ئەنقەرە دەیەوێت ئەو دۆخەی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لە دژی غەززە و حیزبوڵڵای لوبنان دروستبووە، بقۆزێتەوە "بۆئەوەی ئەو شتانە بکات کە پێشتر نەیدەتوانی بیانکات."
کۆبانی جەخت دەکاتەوە، "ئێمە پێشتر چەندین جار روونمان کردووەتەوە، ئێمە وەکو هەسەدە، لە خاکی تورکیا و باکووری کوردستان چالاکی ناکەین." جەختیشی کردەوە، "ئەو گۆڕەپانەی شەڕی تێدا دەکەین، خاکی سووریایە."
لە هێرشەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانیی تورکیا لە پایتەختی ئەو وڵاتە، ٥ کەس کوژران و ٢٢ی دیکەش بریندار بوون، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ، کە لەلایەن دوو هێرشکارەوە کرا.
هێرشکارەکان کە هەر لەوێ کوژران، بە وتەی بەرپرسانی ئەنقەرە، لە سووریاوە چوونەتە خاکی تورکیا.
لەدوای ئەو هێرشە، تورکیا نزیکەی ٥٠ شوێنی لە رۆژئاوای کوردستان و پێگەی پەکەکەی لە باشووری کوردستان بۆردوومان کردن. هەسەدە گیانلەدەستدانی ١٥سڤیل و دوو شەڕڤان و یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) گیانلەدەستدانی ٦ شەڕڤانیان راگەیاند.