پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆئەوەدەکات کە بڕیارە بەم نزیکانە بەغداد بڕێکی تری پارە بۆ جوتیارانی هەرێم رەوانە بکات.
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" فراکسیۆنەکەیان هەوڵی جددی داوە کە پارەی گەنمی جوتیارن بە زوویی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و بەسەر جوتیاران دا دابەش بکرێت".
هاوکات غەریب ئەحمەد ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت" هەردوو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانیی عیراق بەڵێنیان داوە بەر لە كۆتایی ئەم مانگە بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری دیكە بۆ جوتیاران رەوانە بکەن".
وتیشی" ٨٨ ملیار دینار دەمێنێت، کە پێشبینی دەكرێت بەر لە دەستپێكردنی وەرزی چاندنی دەغڵودانی ئەمساڵ ئەوەش رەوانە بكرێت."
ئەمساڵ نزیكەی ٧٠٠ هەزار تن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەرگیراوە، لە بەرامبەردا پێویستە بەغداد ٥٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام دوای نزیكەی چوار مانگ تەنیا ٢١٢ ملیار بە چەند قۆناغێك نێردراوە و هێشتا ٢٢٨ ملیار دینار ماوە بنێردرێت.