لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان بڵاودەکرێتەوە

ئامادەکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامەکان بە فەرمی بڵاوبکرێنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکارییەکان بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنرێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، بە مەبەستی پێداچوونەوە بەو سکاڵایانەی کە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان تۆمارکراون، لە ئێستادا شاندێکی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە شاری ھەولێرن و بڕیارە سبەی سێشەممە لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە شاندەکەی ئەنجوومەنی کۆمسیاران کۆببنەوە.

هەروەها بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی چوارشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ھەولێر بڵاودەکرێنەوە و ناوی کاندیدە دەرچووەکانیش بەشێوەیەکی فەرمی ئاشکرادەکرێن، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایش 
سێ ڕۆژ دەرفەت بە لایەنەکان دەدرێت تا تانەکانیان بگەیەننە کۆمسیۆن.

رۆژى ١٨ى ئەم مانگە هەڵبژاردنى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و رۆژى ٢٠ى مانگیش دەنگدانى گشتى بەڕێوەچوو، بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران ٧٢% بووە کە لە بازنەی دهۆك ٧٨% بووە، لە هه‌و‌لێر ٧٤%، سلێمانی ٦٥%، هه‌ڵه‌بجه‌ ٦٩% بووە.

هاوکات دوای ٢٤ کاتژمێر لە تەواوبوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، کۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی راگەیاند.



PM:08:03:28/10/2024