ئەمشەو دووشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سنوری پارێزگای کەرکوک ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا و لە ئەنجامدا کەسێک بە سەختی بریندارکرا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمشەو لە نزیک مزگەوتى شوان لەسەر رێگەى پشتێنەی کەرکوک بەرامبەر هەفتە بازاڕى کەرکوک، لەسەر شەڕی منداڵان لە نێوان دوو خێزاندا ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویداوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ڕووداوەکە کەسێک بە سەختى بریندار بووە و لە ئێستادا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
هەروەها لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک گەیشتوونەتە شوێنى رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆش لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی لەسەر "فڕێدانی خۆڵ و خاشاک"، هاوڵاتییەک لەلایەن ئەفسەرێکی پێشووی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.