پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ئامادەكاریییەکان بۆ وەرزی بارانبارین و زستانی ئەمساڵ ئەنجامدرا".
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، لە كۆبوونەوەكەدا دوای هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی ساڵانی ڕابردوو، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە تیمەكان كرد و هەموو ئەو پڕۆژە و كارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەر لە وەرزی بارانبارین لە پێناوی ڕوونەدانی لافاو و كەمكردنەوەی مەترسیەكانی و چارەسەركردنی گرفتەكانی لە سەنتەری شار و دەروبەری ئەنجامدراون بەرزنرخاند.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەبارەی وەرزی بارانبارین و زستانی ئەمساڵ و ئامادەكاری فەرمانگەكان، پارێزگاری هەولێر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ئامادەكاری زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێكی نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی كە دەبنە هۆی دروستبوونی پەنگخواردنەوەی ئاوی زیادە و بەردەوامیدان بە پاككردنەوەی چەپەرەكانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەكان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەكان و كوچە و كۆڵانەكانی گەڕەكانی شار و پاككردنەوەی كەند و رێڕەوەكانی ئاوی سروشتی باران.