ڕێکخراوێکی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت" تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی هەزار و ٦٠٠ هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە"، دەشڵێت" لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا ١٧ هاوڵاتی کورد لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە".
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (سی پی تی)، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند" لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دەوڵەتی تورکیا نزیکەی هەزار و ٦٠٠ جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو هەزار و ٥٤٨ جار بۆردوومانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، ئەم ئۆپەراسیۆنانەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٧ هاوڵاتی و برینداربوونی چوار هاوڵاتی دیکە".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنەکانیان چڕتر کردووەتەوە، لە ماوەی تەنها یەک هەفتەدا ٢٧ ئۆپەراسیۆنی بۆردومانیان ئەنجامداوە بۆ سەر ناوچەکانی زنجیرە چیای گارە لە سنووری پارێزگای دهۆک.
کامەران عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان بووەتە هۆی چۆڵکردنی تەواوەتی زیاتر لە ١٧٠ گوندی هەرێمی کوردستان، هاوکات ٦٠٢ گوندی دیکە ڕووبەڕووی مەترسی چۆڵکردن دەبنەوە.