وەزارەتی دارایی: تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچە چارەسەر دەکرێت

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پرسی دابەشکردن و سەرپەرشتیکردنی مووچە لە دەسەڵات و تایبەتمەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە"، دەشڵێت" لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ رێکكەوتوون تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن".

وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە"وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تەنها لایەنی بەرپرس و تایبەتمەندە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو مامەڵەیەکی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ حکومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە "وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ رێکكەوتوون تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، هەموو هەوڵێکی وەزارەتیشمان بە ئاڕاستەی دوور خستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو کێشە و ململانێیەکی سیاسی".

لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەی هەژماری من بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١١٣) لە رۆژی ( ٢٠٢٣/٨/٢ ) لەبڕگەی سێیەم، سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من درا و  جەخت لەوەکرایەوە کە سەرجەم وەزارەتەکان پشتگیری پڕۆسەی بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرخستنی پرۆژەی هەژماری من بکەن، کە ئەوەش دەبێتە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کەدەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری".

 سەبارەت بە تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە کراوە "بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بەنووسراوی ژمارە (١١١/ت.ق / ٢٠٢٤/١٤٠٥ ) لەبەرواری ( ٢٠٢٤/٧/٣ ) هەموو ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن و سەرجەمیان لەپڕۆسەی (توگین) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشدارن و هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ئەو بانکانەدا نییە تا پرۆسەی (توگین) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ئەنجام بدەن".




PM:07:16:29/10/2024