یەکێتی ئەوروپا ٦٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ پشتیوانی کەرتی تەندروستی هەرێم و کۆچبەران تەرخان دەکات

تۆماس سیلەر لە پەراوێزی دیداری مێری رایگەیاند، : بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن سەرکەوتن بووە بۆ کوردستان و عێراق و خەڵکەکەی ، دەشڵێت" ٦٠ ملیۆن یۆرۆمان بۆ پرسی تەندروستی و کۆچبەران لە کوردستان تەرخانکردوە".

تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق  ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم لەمیانی دیداری میری وتی"خۆشحاڵین هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بەگوێرەی زانیارییەکانمان بەشێوەیەکی شیاو و شەفاف و دادپەروەرانە بەڕێوەچوو، هەروەها رێژەی بەشداری دەنگدەران زیادی کردووە ئەمەش سەرکەوتنە".

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا جەختیشیکردەوە لەوە بەردەوام دەبن لە پەیوەندییە سیاسییەکانیان و لە پشتیوانیان بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تەندروستی و بەرەوپێشچوون، دروستکردنی دەرفەتی کار.

تۆماس سیلەر دەربارەی پرسی کۆچ لە هەرێم و عێراق وتی" پێویستە لەوبارەیەوەش چارەسەر بدۆزینەوە بۆیە ٦٠ ملیۆن یۆرۆمان تەرخان کردووە بۆ فەراهامکردنی دۆخێك لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا خەڵك لێرە بمێننەوە، ئەویش لەڕێگەی دروستکردنی دەرفەتی کار، زیادکردنی پەروەردە، هەروەها باوک و دایك لە خێزانێک کار بکەن تا پارە بۆ ماڵەوە دەستەبەر بکەن".




PM:11:39:29/10/2024