وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بڵاودەكرێتەوە و ناوی كاندیدە دەرچووەكانیش بەشێوەیەكی فەرمی ئاشكرا دەكرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ڕوونیشیدەکەنەوە ئامادەکارییەکانیان بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بە مەبەستی پێداچوونەوە بەو سكاڵایانەی كە لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان تۆماركراون، لە ئێستادا شاندێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە شاری هەولێرن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە.
دەشڵێت"سبەینێ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بڵاودەكرێتەوە و ناوی كاندیدە دەرچووەكانیش بەشێوەیەكی فەرمی ئاشكرا دەكرێن، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایش سێ ڕۆژ دەرفەت بە لایەنەكان دەدرێت تا تانەكانیان بگەیەننە كۆمسیۆن".