ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆنابێتەوە
هەرچەندە هەموو ڕۆژانێکی چوارشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم هەفتەیە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام نادرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کۆنەبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە لایەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە، هۆکارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (سپی) کەوتووە، بەهۆی ئەو هەڵمەتە توندەی هەڵبژاردن یەکێتی بەرامبەر پارتی ئەنجامیدا و بە پێچەوانەشەوە جۆرە ساردییەک کەوتووەتە نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، هۆکارێکی ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانە.
هەروەها هۆکارێکی دیکەی کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان، هەرچەندە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا وەزیرەکانی دەستلەکاربکێشنەوە، بەڵام تائێستا هەریەکەو بەشێوەی جیاجیا بەردەوامن لەسەر کارەکانیان و هەرچی وەزیری داراییە ئاواتی شێخ جەناب دوێنێ ڕاگەیەندراوێکی بەناوی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بڵاوکردەوە و وەزیرەکانی دیکەش دەنگۆی ئەوە هەیە لە پەیوەندیدان لەگەڵ وەکیل و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان و هەرچی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی کوێستان محەمەد و کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی هەرێم بەردەوامن لە کارەکانیان، تەنها دانا عەبدولکەریم نەبێت کە وەزیری ئاوەدانکردنەوەیە بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە بەردەوامە لە کارەکانی.
هەرچی مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و راوێژکارەکانی سەرۆکایەتییە، لای خۆیانەوو بەردەوامن لە کارکردن.
هاوکات هەموو ئەو ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیانەی کە لەسەر پشکی گۆڕانن لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان و پارێزگاکان، بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی کەسیان دەستیان لەکارنەکێشاوەتەوە.
لە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم جۆرە ئیحراجییەک بۆ وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دروست دەبێت، هەرچەندە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەیان لەلایەن بزوتنەوەکەوە بۆ دەرچووە، بەڵام تائێستا دەستیان لەکارنەکێشاوەتەوە.
AM:09:06:30/10/2024