کۆمسیۆن: دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن کرایەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، دەرگای تانەدانیان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردوەتەوە کە لە ٢٠ تشرینی یەکەمی ئەم مانگەدا بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ پێنچشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە لایەن حزب و هاوپەیمانی و کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەر تانەیەکیان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەیە، دەتوانن لە ڕێگای نووسینگەکانی کۆمسیۆن لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم بیگەیەنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تانەدان ئەمڕۆ پێنجشەممە تا کۆتایی دەوامی رۆژی یەکشەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بەردەوام دەبێت جگە لە ڕۆژی هەینی کە پشووە.

رۆژی ١٨ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رۆژی ٢٠ی مانگیش دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو، بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران ٧٢% بووە کە لە بازنەی دهۆك ٧٨% بووە، لە هه‌و‌لێر ٧٤%، سلێمانی ٦٥%، هه‌ڵه‌بجه‌ ٦٩% بووە.





PM:01:01:31/10/2024