سەبارەت بە پرسی سەرژمێری دانیشتوان، شاندێکی هەرێم لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی بڵاویکردەوە" شاندێکی حکومەتی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبونەوەکەدا پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم تاوتوێکراون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامبونی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بەپێی دەستور و یاسا کرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" تاوتوێی ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان و پێداچونەوە بە ئامادەکارییەکانی پرۆسەکە، هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ڕاستەقینە و تێپەڕاندنی هەر کۆسپ و بەربەستێک کە دێنە بەردەم پرۆسەکە و سەرجەمیشیان جەختیان کردەوە لە گرنگی ئەنجامدانی سەرژمێری لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا".