ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێریەوە، دەڵێت" ئەگەر بەرپرسانی کورد پێداگری لەسەر ئەم بابەتە نەکەن و رێگری لە ئەنجامدانی سەرژمێری لە کەرکوک نەکەن ئەوا هەرچیەکیان کردوەو گوتوە سەبارەت بە کوردستانییەتی کەرکوک پوشێک ناهێنێ".
شۆڕش حاجی یەکێک لە بەرپرسەکانی پێشووی گۆڕان لە نووسینێکدا دەڵیت " لە ئێستادا ئەرکی هەر کوردێکی بێلایەن یان لایەنگری هەر حیزب و هێزێکی سیاسییە، کە بڕوای بە کوردستانییەتی کەرکوکە ، فشار بخەنە سەر سەرکردایەتی سیاسی کوردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم، کە لەم ساتەوەختەدا هەمو جیاوازی و ناکۆکییەکانیان بەلاوە نێنو پێگەو پەیوەندییەکانیان لە بەغداو تارانو ئەنقەرە بەکاربێنن بۆ ئەوەی نەهێڵن سەرژمێری لە کەرکوک بکرێ".