وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە مووچەی مانگی ١٠ی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" دوای تەواوکردنی وردبینی لیستی مووچە ڕاستەوخۆ پارەی مووچەخۆران ڕەوانەی هەرێم دەکرێت".
وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئێستادا وردبینیکردنی لە لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێم دەستیپێکردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ گرفتێک لە لیستەکە نەبێت، ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆران پارەی پێویست بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێم دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەکرد، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی ١٠ ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.