بازاڕی قوماش دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە


بەپێی لێدوانی بازرگانێكی قوماش و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەئێستادا بازاڕی قوماش بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و بازرگانیكردن لەگەڵ شارەكانی خواروی عێراقیش نەماوە.

عەتا رەجەب رەحمان بازرگانی قوماش و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند"ئەمساڵ بازاڕی قوماش هەر نیە كە لە كاتێكدا لەوەرزی پایزدا بازاڕی قوماش دەبێت گەرمبێت بەڵام ئەمساڵ بازاڕ نیە كوتاڵ فرۆشان هەمویان نیگەرانن لە نەفرۆشتنی قوماشەكانیان و بێبازاڕی".

ئەو ئەندامەی ژوری بازرگانی هۆكارەكەی بۆ بێ بودجەیی‌و ڕەوشی ئێستای عێراق و هەرێم گەڕاندەوە كە بەهۆی هێرشەكانی داعش لەبارێكی نائاسایی‌و شەڕدایە.

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی قوماش لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی خواروی عێراق وتی "هەموو بازرگانیەك وەستاوە لە نێوان شارەكانی هەرێم و عێراق نە لێرەوە قوماش دەڕوات نە لەوێشەوە قوماش دێت"

عەتا حاجی رەجەب ئاماژە بەوەشدەكات لەساڵانی ڕابردودا قوماش فرۆشەكانی لەوەرزی پایزدا بەشێوەیەكی باش بازاڕیاندەجوڵا و هاووڵاتیان جلوبەرگی نوێیان دەكڕی بەڵام لەمساڵدا بەڕێژەی لە 90% بازاڕ ڕاوەستاوە.



PM:01:59:10/11/2014