بارزانی: بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی نوێی هەرێم پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە". 

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ دووشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا كە ستێڤ بیتنەر كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق پیرۆزبای سەركەوتنی هەڵبژاردنی ٢٠ی‌ ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانی لە بارزانی كرد و دووپاتیشی‌ لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شایستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەكدا". 

لای خۆیەوە مەسعود بارزانی سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد كە سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی، بەڵام ڕۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە. 

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كرا و بارزانی هێمای بەوەدا كە" پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و ئەجێندای حكومەتی داهاتوو پێكهێناوە و ڕایگەیاند كە پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە". 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ته‌ناهی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، هەروەها بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.



PM:03:40:04/11/2024