کارەبای سلێمانی: کارەبا دەبێت بە ٢٤ کاتژمێری

بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی دەڵێت" چەند پێشنیازێکمان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی پرۆژەی کارەبای زیرەک سەرکەوتوو بێت و لەدوای ئەو کارەبای سلێمانی دەبێت بە ٢٤ کاتژمێری".

ئەندازیار ئەنوەر حەمە سەعید، بەڕێوبەری کارەبای سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"لەگەڵ لیژنەی ئەنجومەنی وەزیران چەند جارێک کۆبوینەتەوە و چەند پێشنیازێکمان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی پرۆژەکە سەرکەوتوو بێت کە سەرەتا نرخ دیاری بکرێت، دواتر میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە دابنرێت وە ئێمە ئێستا خەریکی توێژینەوەی لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە و کەی و لە کوێ دەستمان پێکرد بڵاوی دەکەینەوە".

وتیشی "دوای تەواوبونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەی پێوەری زیرەک ئێستا بۆ قۆناغی دووەمی پرۆژەکە لیژنەیەکی تایبەتمان دروستکردووە بەشێوەیەک گەڕەک بەگەڕەک بکرێت و هەموو هاوبەشەکان پێوەری زیرەکیان بۆ ببەسترێت پاشان کارەباکەی بکرێت بەبەردەوام و نرخی کارەباکەش رێکدەخرێتەوە بەشێوەیەک کە بارگرانی دروست نەکات".

بە وتەی بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی ئەگەر بێت و بڕی  بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر بکرێت ئەو کاتە ئێمەش ئەو بڕە زیاتر دەکەین.

بەڕێوبەری کارەبای سلێمانی راشیگەیاند "بۆ وەرزی زستانیش لە هەوڵداین و دیراسەی بارودۆخەکە دەکەین لەگەڵ پارێزگار و قایمقامی سلێمانی بۆ ئەوەی بزانین بەکارەبای نیشتیمانی و مۆلیدەکانەوە دەتوانین بیست و چوار کاتژمێر دابین بکەین و زۆر لەسەر هاوڵاتییان ناکەوێت".




PM:02:16:05/11/2024